صفحه 1 از 1

سئ هه رمئ کێویله

پستارسال شده در: جمعه فروردين ماه 30, 1392 2:21 pm
توسط shaho
ئەمڕۆ چوومەوە نێو کاغەزەکان. پاکەتێکی گەورەم وەبەر دەست هات، کە نازانم کەی پێچاومەتەوە. لە بیریشم نەماوە چیی تێدا هەڵگیراوە. یادداشتی جۆراوجۆر... شیعری ناتەواو، نامە لە سەر کاغەزی جۆراوجۆر هەر یەکەی لە ڕەنگێک، شین و سەوز و پەمەیی... سەرەنجام پەڕە کاغەزێک هاتە بەر دەستم، دیوێکی نووسراوە و دیوەکەی دیکەی نا. ژمارەی لاپەڕەشی پێوە نییە. دەزانم لاپەڕەیەکە لە دەفتەری بیرەوەرییەکانم، بەڵام هی کام دەفتەر و، چ ڕۆژێک؟ نووسراوەکە بە نیوە ڕستەیەک دەست پێدەکا و بە ڕستەیەکی ناتەواو کۆتایی پێدێ:

”و تازە ئیدی درەنگ بوو. ئەمشەو هەر لێرە دەمێنینەوە. حەزم دەکرد بڕۆین. مرۆڤ، کاتێک نائارام و بێ‌ئۆقرە بێ، هیچ شتێک لە ڕۆیشتن باشتر نییە. دیمەنەکانی بەرچاوت دەگۆڕێن و، جەستەت دەجووڵێ و، دەرفەتی ئەوەت نییە هەموو گیانت بە خەیاڵ بسپێری. نەڕۆیشتین. درەنگ بوو. ماینەوە و، ئێستا ئێوارەیە. شنەیەکی فێنک هەڵی‌کردووە. لە سەر کۆتەرەی داربەڕوویەک دانیشتووم. ئەمبەر و ئەوبەرم ڕیزەشاخێکە و، بەرانبەرم دۆڵێک، کە ڕەزێکی تێدایە و لەولاتر پۆلە چنارێکی تەنک، دوایەش پەرێزێک و، لە داوێنی، ئاڵقەیەک و خەتێکی سەوز، کە لەوە دەچێ شیناوەردی دەوری گۆلاوێک و جۆگەکەی بێ. لە دوورتر، ئاسۆی ئاسمانی ئێوارە دیارە، نارنجی و مۆر. لێرەش، لەم نزیکانە بۆنی دووکەڵ دێ. هەندێک گەڵابەڕووم کۆ کردەوە، شەوی پێشتر نمەبارانێکیان لێ باریوە. بەینێک پێ چوو هەتا ئاگرەکەم کردەوە. دووکەڵێکی شین، جاروبارە بۆ لای من دێ و، جاری واشە بۆ ئەو لا دەچێ. چاوەڕێم ئاگرەکە سکڵێکی سوور بخا، جگەرەیەکی پێ داگرسێنم و، ئەگەر تا ئەو کات باران دا نەکا، بنووسم. پەڵە هەورێک هاتووە و لە سەر سەرم لەنگەری گرتووە. بۆنی باران لە دوورەوە دێ.

حەزم دەکرد بڕۆین و، نەشم‌دەزانی بۆ کوێ. یانی نازانم کە لێرە ڕۆیشتین، دەچینە کوێ. ئەوەندە دەزانم تامەزرۆی حەسانەوەم لە ژوورێکی ڕووناکی پاک‌وخاوێن، کە دڵنیا بم جانتاکەم باران لێی نادا و کاغەزەکانم تەڕ نابن. جلەکانم تەڕ نابن و، لێفەکەی سەرم تەڕ نابێ. بەڵام ئێستا، کە لێرە لەسەر ئەم کۆتەرەدارە دانیشتووم، نمەی باران خۆشە، بە بێ ئەوەی لە بن کەپرێک بم.
لە داوێنێ ڕەزەکە، کوڕە شوانەکە دەنگی دێ. تەمەنی هەر دە دوازدە ساڵ دەبێ. تاوێک لەوە پێش کە گەڵا و چیلکەم کۆ دەکردەوە بۆ ئاگرکردنەوە، لە خوارێ تووشی بووم. ماڵاتی دەلەوەڕاند. ڕاوەستابوو، داردەستەی لە زەوییەکە چەقاندبوو و ئانیشکی دادابووە سەری. پێڵاوەکانی دڕابوون و، دوو سێ کراس و کەوای بەسەر یەکدا لەبەر کردبوو. دیار بوو بەیانان زوو دێتە مەزرا و، ئەوکات ساردە. کوتی: ”نایەی چایەکت بۆ لێ نێم“؟
کوتم: ”نا! بە تەنێ نیم. ئەوانی دیکە، ئەوە لە سەرێ دانیشتوون، چاوەڕێن من ئاگر بکەمەوە و چایەکە وەسەر نێم“.
کوتی: ”دە وەڵا چای من بەشی وان ناکا“.
دوو سێ هەرمێ پاییزەشی هەڵگرتبووەوە. دەستی ڕاداشت کوتی: ”ها! هەرمێیەک بخۆ“!
هەرمێیەکم لێ وەرگرت. دیار بوو لە مێژە وەریوە و تاو لێی‌ داوە. هەندێک سیس ببوو، بەڵام تامی زۆر خۆش بوو.
چایەکەی بە تەما بوو بۆ من دەم بکا و، لە هەرمێکانی، یەکیانی دا بە من. نازانم ئەوە چ هەستێکە کە خەڵکی ئەم ولاتە وا لێدەکا؟ بزەیەک، دەرگای ماڵە گەرم و ڕووناکەکەی دەروونیت لێ دەکاتەوە.
ئێستا ئەوە دەنگی دێ و گۆرانی دەڵێ. لێرە، لە نێوان ئەم دوو ڕیزە شاخەدا تاوی لێ هەڵدێ و، ڕۆژی لێ ئاوا دەبێ و، بەفری لێ دەبارێ و، گەزیزە سەری لێ وەدەر دەنێ و، گەنم و جۆ پێدەگەن و، هەرمێ پاییزە پێدەگەن و، لە گەڵ ئەوانە گەورە دەبێ. شان بۆ دروێنە دادەدا و، پشت بۆ کۆڵەئارد دەچەمێنێتەوە، لەو لووتکانەوە بارەدار بۆ سووتەمەنیی زستان دینێتەخوار و، سەرەنجام لە نێو ئەم شاخانە پیر دەبێ.
ئەوانە دەنووسم کە پێت بڵێم ئێمە لێرە گەورە دەبین، لەم وڵاتە کە خاکەکەی وەک چۆن ترێ ڕەشکە و هەرمێ کێویلە دێنێ، ئاواش خۆشەویستی دێنێ، ساڵێک زۆر و ساڵێک کەم، ڕەنگە وشک و ڕەنگە پڕئاو، بەڵام هەمیشە شیرین.

پستارسال شده در: جمعه فروردين ماه 30, 1392 2:55 pm
توسط shaho
امیدوارم منظور و پیام این نوشته رو گرفته باشید واقعا عالی ترین نوشته ای بود که تا حالا خوندم